بابەکر زێباری: ناکرێت یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بە شێوەی ئێستایان بمێنن
لیوا بابەکر زێباری، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عێراق و فەرماندەی باڵای پێشمەرگە ڕایگەیاند، لێژنەکانی تایبەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە کارەکانیان بەردەوامن و چەند رۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. جەختیشی کردەوە کە ”هەنگاوی جددی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەستی پێ کردووە“.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوە کرد کە دەبێ پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێتەوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هێشتا مەترسیی داعش لە عێراقدا ماوە.
بابەکر زێباری لەبارەی دۆخی ناوخۆی هێزەکانی پێشمەرگە، نەیشاردەوە کە دەبێ هەنگاوەکانی درووستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتمانی خێراتر بکرێت و ”ناکرێت یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بە شێوەی ئێستایان بمێننەوە“. بۆیە داوای کرد، لە یەکخستنەوەی هێزەکاندا پەلە بکرێت و ”پێموایە وەزارەتی پێشمەرگە خەریکی ئەو بەرنامەیەن".
باسنیوز
