عەزیز ڕەئووف: کەس نییە بە یەکێتی بڵێ بۆ ئەزموون لە پارتی وەرگرناگرن
عەزیز ڕەئووف، نووسەر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وتارێکی بە ناونیشانی (کەس نییە بە یەکێتی بڵێ)ی بڵاو کردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، زیندووکردنەوەی عەشیرەتەکان لەم ھەرێمە، ھەڵگەڕانە بە قولەی قافا. کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، چ عەیبەیەکی گەورەیە دوای ئەم ھەموو شکستەت لەم ھەرێمە، کەچی دەست بۆ ترسناکترین بۆنە بەریت، ئەویش زیندووکردنەوەی عەشیرەتەکان و ھەڵدانی خێمە و لەشانکردنی بڕنەو و خواردنەوەی ماستاوی پڕ لە قەزوانە“.
دووپاتیشی کردووەتەوە: ”کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، تۆ شەقامت دۆڕاندووە، تۆ خەڵکت دۆڕاندووە، ئامادەبوونت لە ڤیستیڤاڵی عەشیرەتەکان لەبەر خاتری چاوی کاڵی چەند بەرپرسێکی گەندەڵی ناو عەشیرەتەکان، چ خۆکوژییەکی گەورەیە“.
هاوکات گلەیی لە بەرهەم ساڵحیش کردووە و نووسیویەتی: ”کەس نییە بە سەرۆک کۆماری عیراق بڵێ، ھەرچەندە بچیتە بەغدا، کەچی گەورە نابیت و دەبوو لانی کەم، حورمەتی خۆتت لا گرنگ بووایە و دانیشتن لەژێر خێمەی عەشیرەتەکان بچووکترت دەکاتەوە. کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، لە قەرەداغی کاک ئاراما زیندووکردنەوەی گیانی خێڵایەتی و عەشیرەت چ بەتاڵییەکی گەورەیە“.
عەزیز ڕەئووف پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، تۆ دەڵێی ئەم ھەرێمە ئارامە، ”کەچی بە بەرچاوی بەرپرسە باڵاکانی ھێزەکەتەوە لە فیستیڤاڵی ئاشتی و پێکەوەژیانی عەشیرەتەکاندا گەنج دەکوژرێ“؟. دەشپرسێت: ”کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، ھاتنەپێشەوەی نەوەی دووەمی بەرپرسانیش نەیتوانی ئەم عەقڵی خێڵگەری و ڕازیکردنی دڵی عەشیرەت و مستەشارەکان ڕاگرێت و لانی کەم بە خۆت و سیاسەتتدا بچیتەوە. کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، سۆسیال دیموکرات و و بڕنەو و شاڵ و شەپک و ماستاوخواردنەوەی ژێر خێمەکان و موجامەلە و ڕازیکردنی خێڵەکان کوجا مەرحەبا“.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ئەو نووسەرەی شاری سلێمانی جەختی کردووەتەوە: ”کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، یەک تۆز عاقڵانە مامەڵە بکەی، خەڵک لە ئەدای ئۆپۆزسیۆن و پۆپۆڵیستیی ئەم ھێزانە و سیاسەتی منداڵانەی کامێرابەدەستەکانی سلێمانی بێتاقەتە، چانسێکی تری مانەوەی پێدای، بەڵام خۆت ناتوانی ئەم ھەلە بقۆزیتەوە، بە خۆت و سیاسەت و توڕەھاتەکانی خۆتتدا بچیتەوە و لانی کەم وەک بەشەر سیاسەت بکەی. کەس نییە بە یەکێتی بڵێ بۆ ئەزموون لە پارتی وەرگرناگرن، پارتی خەریکی ڤیستیڤاڵی ڕەنگ و بۆنەی نەتەوایەتیی گەلان و ماراسۆن و لەشجوانییە، تۆی یەکێتیش تازە بە تازە بە کۆمەڵێ چەکدارەوە لەو قەرەداغە موجامەلە و عەرزی عەزەڵاتێکی بێتام دەکەی کە دوژمنیش ئاوات بۆ حاڵت ناخوازێ. کەس نیە بە یەکێتی بڵێ کە عەیبە“.
باسنيوز
