پۆلیسی ھەولێر: کەسێک بە تۆمەتی دزی دەستگیر کرا

پۆلیسی ھەولێر: کەسێک بە تۆمەتی دزی دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ئاشکرای کرد، کە دوای ئەوەی لەلایەن نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵاتەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێک دەردەچێت، فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە لایەن بنکەی پۆلیسی باداوانەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28/4/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕائیدی پۆلیس زیرەک تاھیر میرە، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی باداوان ڕای گەیاندووە: "دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبار (ک، ر، ح)مان پێ گەیشت، کە لەلایەن نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵاتەوە دەرکرابوو، دەستبەجێ دوای بەدواداچوونێکی ورد بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە، توانیمان ئەمڕۆ دەستگیری بکەین و ڕەوانەی نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵاتی بکەینەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی ھەولێردا باس لەوەش کراوە، کە تۆمەتبار دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە دزی لە دووکانێکی مۆبایل لە سنووری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی ڕۆژھەڵات کردبوو، کە بڕەکەی بە زیاتر لە 30 ھەزار دۆلاری ئەمەریکی دەخەمڵێنرێت، تۆمەتبارەکەش بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراوە.











باسنيوز
Top