نێچیرڤان بارزانی: گرنگە چوارچێوەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ کارکردن دروست بکرێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لێژنەی ئابووریی عێراق، ڕای گەیاند، پێشتر لێژنەی ئابووری کە بڕیار لە ئابووریی عێراق دەدا، لە کوردستان کۆنەدەبوونەوە، بەڵام ئێستا ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو بڕیارەی بە گرنگ لێکدایەوە و ڕای گەیاند کە ”سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە، بەڵگەی ئەوەیە کە بڕوامان بە چارەسەری کێشەکانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتر گەیشتنەوە“.
ئاماژەشی بەوە کرد: ”دەبێ ھەموو پرسەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت. ئەو برایانەی کوردستان کە لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی برامان عادل عەبدولومەھدی لە حکوومەتی عێراق بەشدارن، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە چارەسەرکردنی کێشەکان“.
نێچیرڤان بارزانی رێککەوتنی لەسەر یەکخستنی ڕسومات بە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ برەودان بە سیاسەتی ھاوبەش لەقەڵەم دا و ڕای گەیاند: ”گرنگ درووستکردنی بنەما و چوارچێوەیەکە بۆ کارکردن لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت، ھەرچەندە دەزانین لە جێبەجێکردن و شرۆڤەکاندا ھەندێک کێشە ھەیە، ئەرکی ئێمەیە کە بە گیانی ھەماھەنگیی ھاوبەش ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین. ھەوڵ دەدەین کێشەکانی نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان و کۆمەڵێکی زۆری یاساکان کە سیستەمی فیدرالیی وڵات ڕێک دەخەن، چارەسەر بکەین“.
