شێخێکی عەرەب: ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە جارێکی دیکە ئاوارە دەبینەوە

 شێخێکی عەرەب: ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە جارێکی دیکە ئاوارە دەبینەوە
شێخێکی عەرەب هۆشداریی لە مەترسییەکانی نەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدات.



شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، داعش لە مەخموور و هەموو ناوچە کوردستانییەکان بووەتە هۆی مەترسیی بۆ خەڵک بەتایبەت کورد.



شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاند، رفاندنی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد لە چیای قەرەچوغ لەلایەن داعشەوە باشترین بەڵگەی دروستبوونەوەی مەترسیی داعشە لەو ناوچانە و بۆ پاراستنی خەڵکەکەی، پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە.



گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەکدارانی داعش بە بەردەوامی لە قەرەچوغ و مەخموور و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەسوڕێنەوە.



شێخ موزاحیم ئەلحوێت جەختی لەوە کردەوە، کە لەژێر سایەی میلیشیا و هێزە عێراقییەکان چەکدارانی داعش هەست بە پارێزراوی دەکەن، بۆیە بەردەوام هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەکەنە ئامانج.



ئەو شێخە عەرەبە بەناوی عەشیرەتە عەرەبییەکان داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییان بە هەموو ئاین و نەتەوەکان لە مەترسییەکانی داعش.



شێخ موزاحیم ئەلحوێت هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان، ئەوا جارێکی دیکە خەڵکی ئەو ناوچە کوردستانییانە بە عەرەب، کورد و هەموو ئاینەکانەوە ئاوارە دەبنەوە.






باسنیوز
Top