دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و کۆمسیۆن کۆ دەبنەوە"
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرای کرد: "شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستانن و بڕیارە ئەمڕۆ دەزگای ھەڵبراژدنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کۆ ببێتەوە و تێیدا بە وردی باس لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بکرێت."
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بە بۆچوونی ئێمە ھێشتا زووە باس لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چونکە ھێشتا دیار نییە ١٠٠% کەی بەڕێوە دەچێت، تەنیا کۆمسیۆن دەڵێ، ئامادەین لە کۆتاییی ئەمساڵدا بەڕێوەی ببەین، ئەوەش ھێشتا پێشنیارە."
دەربارەی ھەڵبژاردن لە کەرکووک خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە لەگەل ئەوەدا نین ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، چونکە ناکرێت خەڵک ئاوارە بێت و ڕەوشی کەرکووک بەو شێوەیە نائاسایی بێت، پڕۆسەی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە بەڕێوە بچێت، بە بڕوای ئێمە باشترە ڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ئینجا ھەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوە بچێت."
kdp-
