فوئاد حوسێن و وەزیری داراییی کوێت کۆ بوونەوە
لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی داراییی عەرەبی (ئەنجومەنی وەزیرانی داراییی عەرەب و كۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگارانی سندووقی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتیی عەرەب) كە لە كوێت بەڕێوە دەچێت، شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤-٤-٢٠١٩، لەگەڵ بەڕێز نایف حەجرەف، وەزیری دارایی كوێت و شاندی یاوەری كۆ بوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەر باسیان لێوە كرا، لەوانەش :
ــ دەرهاوێشتەكانی كۆنفرانسی كوێت بۆ دووبارەبنیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و ئەو تەگەرانەی كە دێنە بەردەم بڕیارەكانی ئەو كۆنفڕانسە، بەتایبەتی لە لایەن عێراقەوە.
دەستنیشانكردنی كێشە و گرفتەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بۆیان.
ــ مامەڵە لەگەڵ ڕێوشوێنە گومرگییەكان و یەكخستنی ڕسووماتی گومرگی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی دراوسێ و بەردەوامیدان بە گفتوگۆ تا گەیشتن بە ئەنجام.
جێگری سەرۆكوەزیران سوپاسی كوێتی كرد بۆ ئەركی بەردەوامیان لەو چوارچێوەیەدا و بەڵێنشی دا هەموو تەگەرەكان لابدرێن و ئەنجامەكانی كۆنفڕانسی كوێتیش هەمیشە كارا بكرێن. هاوكات تیشك خرایە سەر دروستكردنی ناوچەی سنووری هاوبەش و دەستپێكردنی گفتوگۆ لەو بارەیەوە، لەم بارەیەشەوە بڕیار وایە هەردوو لا لە چەندین ڕۆژی داهاتوودا هێڵە سەرەكییەكانی تێگەیشتنی هاوبەش دابنێن.
هەر لەو دیدارەدا هەردوو لا لەسەر فراوانكردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئاسانكاری بۆ بزاڤی بازرگانی و ئابووریی بەدوور لە بیرۆكراسی ڕێك کەوتن.
kdp-
