بەرپرسێکی وەزارتی کارەبا: بەڕێژەی 500 مێگاوات کارەبامان زیاد کردووە
ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: ”دوای زیادبوونی ڕێژەی ئاو لە بەنداوەکانەدا ئێمە بەڕێژەی 400 بۆ 450 مێگاوات کارەبای زیادکردووە، پێشتر ئەم ڕێژەیە لە نێوان 100 بۆ 150 مێگاوات زیادکراو هەبوو، هەروەها ئێستا 550 مێگاواتی زیاد لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانەوە بەرهەم دێت، ئەمەش بۆ خۆی ڕێژەیەکی بەرچاوە“.
گوتیشی: "ئەو ئاوەی ئێستا لە بەنداوەکانەوە بەردەدرێتەوە حاڵەتێکی ناچارییە و مەرج نییە، کە بتوانین تا سەر ئەم ئاوە بەربدەینەوە، چونکە بە فەرمان (ئیعاز)ی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەو ئاوە بەردەدرێتەوە، لەبڕی ئەوەی ئاوەکە بە فیڕۆبچێت ئێمە کارەبامان لێ بەرهەم هێناوە و بە هاونیشتمانیانمان داوە"
جەختیشی کردەوە، لەم ماوەیەدا 18 تا 20 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دراوە، هەندێکجاریش 24 کاتژمێر کارەبا دراوە، ئەم پلانە تا کۆتایی ئەم مانگەش بە پێی بەرنامە و خوێندنەوەی خۆمان بەم جۆرە دەبێت، گوتیشی "هاوینی ئەمساڵ بەدڵنیایەوە زۆر باشتر دەبێت لە هاوینی ساڵی پار، بۆ پێدانی کارەبا".
باسنيوز
