پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی زیادبوونی خۆکوژی لە عێراق دەکات
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، عەبدوڵڵا خەڕبیت، پەرلەمانتاری عێراقی رایگەیاندووە، زیادبوونی رێژەی خۆکوژی لە عێراق مایەی نیگەرانییە و نابێ هیچ بیانوویەک بۆ زیادبوونی ئەو دیاردە مەترسیدارە، بدۆزرێتەوە.
عەبدوڵڵا خەڕبیت بەپێویستی زانیوە پەرلەمان لەو هۆکارانە بکۆڵێتەوە، کە دەبنە هۆی خۆکوشتنی تاکی عێراقی و ”لە چەند رۆژی داهاتووشدا“ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ئەو دیاردەیە دەکات.
هەروەها محەمەد ئیقبال، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەکدا پێی وایە، زۆربوونی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەیدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لای عێراقییەکان، کە ئاستی سروشتی تێپەڕاندووە.
پێش چەند رۆژێک، گەنجێک لە شاری میسان لە رۆژی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیدا خۆی کوشت و پێش ئەویش، پیاوێک دوای هاتنەدەرەوەی لە فەرمانگەیەکی بەغدای پایتەختی عێراق، ئاگری لەخۆی بەردا و گیانی لەدەست دا.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقی رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵ (لە 1-1-2019ـەوە تا ئێستا) رێژەی خۆکوژی لە عێراق گەیشتووەتە 131 حاڵەت، (تەنیا ئەوانەی تۆمارکراون).
میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بە هەوڵێکی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بۆ رێگرتن لە دیاردەی خۆکوژی کردووە، کە بریتییە لە تەلبەندکردنی سەر پردەکان بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ لەوێوە خۆی فڕێ بدات.
باسنيوز
