لە هەولێر عەلی باپیر بە تەنیا دەمێنێتەوە

لە هەولێر عەلی باپیر بە تەنیا دەمێنێتەوە
سێ کادیری دیکەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، وازھێنانیان لەو حزبە راگەیاند و ژمارەی دەست لەکار کێشانەوەکانی نێو حزبەکەش ڕوو لە هەڵکشانە، بەو هۆیەشەوە عالی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە شاری هەولێردا تەنیا چەند کەسێک لە خزم و کەسانی نزیکی خۆی لە دەور دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٧-٤-٢٠١٩، ئەو سێ کادیرە نامەی دەستلەکار کێشانەوەیان لە کۆمەڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ھۆکارەکانی دەست لەکار کێشانەوەیان ئاشکرا کردووە.



ناو و پلەی کادیرەکان:


- ئەمین سەعدی، کادیری کارگێڕیی و دارایی مەڵبەندی سێی ھەولێر.

- ژوان عەبدولڕەزاق، بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری رێکخرای قوتابییان و ئەندامی نووسینگەی ھەولێری یاساناسانی کۆمەڵ.

- زەیتون عوسمان خۆشناو، کارگێڕی نووسینگەی ھەولێری رێکخراوی قوتابییان.



ھەروەک ئەو سێ کادیرە باسیان کردووە، دەستڕۆیشتووەکانی ناو کۆمەڵ حزبەکەیان خستووەتە بەرژەوەندیی خۆیان و خێزانەکانیان.

ھەروەک ئەو کادیرانە رایانگەیاندووە، کۆمەڵ پرۆژەیەکی سیاسیی گشتگیری نییە، بە شێوەیەک کە، خزمەتی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکات.

ئەو کادیرانە بە ئاماژەکردن بەوەی لەمڕۆوە ھیچ پەیوەندییەکیا بە کۆمەڵەوە نەماوە، پشتگیریی خۆیان بۆ سێ ئەندام سەرکردایەتییە دەست لەکار کێشاوەکەی کۆمەڵ نیشان داوە و رایانگەیاندووە، جەخت لە ”بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قۆرخکاری“ دەکەنەوە.


پێشتریش لە رۆژی ١٩-٤-٢٠١٩ سێ ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵ دستیان لەکار کێشایەوە و دواتریش چەندین بەرپرسی دیکەی حزبەکە دەستیان لەکار کێشایەوە.













باسنيوز
Top