تاران.. بەندکراوێکی کورد ماوەی 43 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرزان محەمەدی خەڵکی سەوڵاوا و عەلیڕەزا شیرمحەمەد بەندکراوی خەڵکی تاران لە ڕێکەوتی 2019.3.14ەوە، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بە بارودۆخی خراپیان لە بەندیخانەی (فەشافویە)ی تاران، مانیان لە خواردن گرتووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی فەشافویە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٣ ڕۆژ لە مانگرتنی ئەو دوو بەند کراوە، هیچ یەک لە داخوازییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە جێبەجێ نەکراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە یەکێک لە ئەفسەرانی بەندیخانە بەناوی (رەزا حەقوەردی) سەرەڕای بێڕێزی بە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە، وتوویەتی "ئاکامی مانگرتنی منداڵەکانتان، مردنی ئەوانە و هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت".
ئەو دوو بەندکراوە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داخوازییەکان لە مانگرتن بەردەوام دەبن. ئەوان داوای باشتربوونی دۆخی شوێنی ڕاگیرانیان و گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران کردووە.
بەرزان محەمەدی کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "گۆشخانی"ی سەر بە شاری (سەوڵاوا)یە لە پارێزگای سنە و ڕۆژی هەینی٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، بەهۆی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی حکوومەتی ئێران حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە بۆ سێ سال و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
باسنيوز
