چالاكوانێكی مافی مرۆڤ: با شاسوار لەبارەی شەرەفەوە سەیری مێژووی خۆی بکات
ئاڵا کەمال چالاکوان لە بواری داکۆکیکردن لە مافی ژنان ڕايگەیاند "هیوادارم ئەو ڤیدیۆیانەی شاسوار عەبدلواحید ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکات، دروستکراو بێت و ڕاستی نەبێت، ئەگەر ڕاستی بێت، ئێمە ناتوانین کار لەسەر ئەو کەیسە بکەین، چونکە ئەوان خاڵی لاوازی خۆیان داوە بە دەستەوە و ئێستە شاسوار عەبدولواحید بەکاری دەھێنێت، لە ھەموو دنیادا مرۆڤە ناشەریفەکان کاتێک خاڵی لاوازی کەسێکیان دەست دەکەوێت، بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاری دەھێنێت، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەو گرتە ڤیدیۆییانە ڕاستی بێت، شاسوار عەبدولواحید مافی ئەوەی نیە بڵاوی بکاتەوە، ئەگەر بڵاویشی بکاتەوە، بەپێی یاسا توندترین سزا دەدرێت".
گوتیشی "شاسوار عەبدولواحید زۆر جار باسی ڕەوشت و شەرەف دەکات، بەڵام من دەپرسم پێناسەی شەرەف لای شاسوار عەبدولواحید چیە؟ پێویستە ئەو شەرەفەی ئەو بە دەم باسی دەکات، لە مێژووی کردەوەکانی ھەبێ، بەڵام ئەگەر شاسوار عەبدولواحید یان ھەر کەسێکی دیکە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی بکات، داکۆکی کارێکی سەرسەختی دەبم و ئامادەم سەری خۆمی لەسەر دابنێم، چونکە ئەو ھەڕەشەی لەو ئافرەتانەی نەوەی نوێ کراوە، سبەی ھەمان ھەڕەشە لە ئێمە دەکرێت".
لەلایەکی دیکەوە بەھار مونزیر چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ڕايگەیاند "بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ژنان بووەتە شتێکی ئاسایی بە لای ھەندێک کەسەوە، بە تایبەتی ئەو ژنانەی لە بوارێکی جیاوازدا دەردەکەون یان لەناو کایەی سیاسی کار دەکەن، زۆر جار ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دروستکراویان لێ دەکرێت، بەڵام ئێمە وەکو چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بە ھەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ژنان دەکەین، قبووڵیشی ناکەین ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لە ھیچ ژنێک بکرێت".
بەھار مونزیر ئاماژەی بەوەش دا كە دیارە شاسوار عەبدولواحید ھیچ شتێکی لەسەر شادی نەوزاد نەبووە، بۆیە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەکات.
باسنيوز
