سالم شەبەک: زۆربەی داعشەکان لە مووسڵن

سالم شەبەک: زۆربەی داعشەکان لە مووسڵن
نوێنەرێکی پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کرد، ئێستا ٢١ ھەزار چەکداری داعش لە عێراق ھەن و زۆربەشیان لە مووسڵن. دەشڵێ، داوامان کردووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە دەروروبەری مووسڵ بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان.

دکتۆر سالم شەبەک، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا زۆر مەترسیدارە و داعش ماوەیەکە لە مووسڵ و دەوروبەری خۆی بۆ ھێرشکردن و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی ئامادە دەکات، چەندین جاریش بەغدامان لەو مەترسییانەی داعش لە سنووری نەینەوا ئاگادار کردووەتەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق لە مووسڵ گوتیشی: "بەپێی ئاماری فەرمیی ئەمەریکا، ھێشتا ٢١ ھەزار چەکداری داعش لەنێو عێراقدا ھەن، پێم وایە لەو ٢١ ھەزار داعشە زۆربەیان دەکەونە سنووری مووسڵ و لەو سنوورەدان، چونکە ڕاستە لە حەمرین و ئەنبار داعش دەستی بە جووڵە کردووە، بەڵام لە ڕووی قەبارەوە داعش لە مووسڵ زۆر زیاترە لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەروارد ناکرێت."

شەبەک پێی وایە، شانەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بەڕوونی دیارن لە مووسڵ و دەیانەوێ دەستی خۆیان بوەشێنن، بەداخەوە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقیش ھیچ پلانێکیان بۆ ڕێگریکردن لەو جووڵە و پیلانەی داعش نییە.

دکتۆر سالم شەبەک دەشڵێ: "ئێمە و خەڵکی مووسڵیش داوامان کردووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ، بەتایبەتی بۆ سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، چونکە بە پێشمەرگە نەبێت مووسڵ بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێت، حەشد و ھێزی عێراق ھەر خەریکی کاری خۆیانن و توانای پاراستنی ڕەوشی ئەمنییان نەماوە، ئەگەر بێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە دەوروبەری مووسڵ ئەوە ھیچ گومانی تێدا نییە ڕەوشەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پارێزگاری لە خەڵکەکە دەکەن."
kdp-
Top