پڕۆژە یاسایەك بۆ ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ ئامادە دەكرێت
نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند سكاڵایەك دەكەین كە لەلایەن ژمارەیەك پێشمەرگە بە دەستمان گەیشتووە".
گوتیشی: "سەرقاڵی ئەوەین پڕۆژە یاسای بۆ ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە بە ھێزەكانی ناوخۆ، ھەروەھا خانەنشینكردنی كارمەندانی ھێزەكانی ئاسایش ئامادە بكەین و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین و لەگەڵ حكوومەتیش كۆدەبینەوە، ھەر لەو چوارچێوەیەدا بۆچوونی ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش وەردەگرین، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت ھێشتا كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكنەھێنراوە".
ئاماژەی بەوەشدا: "پڕۆژە یاسایەك ئامادە كراوە بۆ یەكگرتنەوەی ھەموو ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن".
K24
