ئەمڕۆ 121مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییە
121 ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" لە قاھیرەی پایتەختی میسر لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانەکان و لەسەر دەستی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشەنگی کورد "میقداد مەدحەت بەدرخان" چاپ و بڵاو کرایەوە.
رۆژنامەی کوردستان ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو کە ژمارە یەک تاکوو ژمارە پێنج لە قاھیرە و ژمارە شەش تاکوو ١٩ لە جنێڤ و ٢٠ تاکوو ٢٣ دووبارە لە قاھیرە و ٢٤ لە لەندەن و ٢٥ تاکوو ٢٩ لە ئەڵمانیا و ٣٠ و ٣١یش دووبارە لە جنێڤ بڵاو کراونەتەوە.
ھۆکاری پچڕپچڕ دەرچوونی رۆژنامەکە و دەرچوونی لە چەند وڵاتێک بەھۆی ئەوەی کە میسر و ھەموو ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بووە، رەنگە لەو کاتەدا رێگەیان نەدابێت کە ھەموو ژمارەکان لە میسر دەربچن، بەتایبەتی کە بەناوی کورد و کوردستانەوە بووە.
رۆژنامەگەریی کوردی تا ئەمڕۆش گەڕان بووە بە دوای ناسنامە و شوناسێکی کوردی لە دنیای میدیادا و ھەندێک لە شۆڕەسوارەکانی مەیدانی رۆژنامەگەری کوردی، ئەوانەی کۆچی دواییان کردوە بریتین لە "میقداد مەدحەت بەدرخان" خاوەنی (رۆژنامەی کوردستان ١٨٩٨ ) عەبدولکەریم ئەفەندی خاوەنی گۆڤاری (رۆژی کورد ١٩١٣) مستەفا پاشا یامولکی خاوەنی (گۆڤاری بانگ کوردستان ١٩٢٢) مێژوونووس حوسێن حوزنی موکریانی خاوەنی (گۆڤاری زاری کرمانجی ١٩٢٦) ئیبراھیم ئەحمەد خاوەنی (گۆڤاری گەڵاوێژ ١٩٣٩ ) ماموستا عەلائەدین سەجادی (خاوەنی گۆڤاری نزار) ماموستا ئەنوەر مائی خاوەنی (گۆڤاری رۆناھی) پیرەمیردی شاعیر (خاوەنی رۆژنامەی ژین) مەلا شەریف ڕەنگەرێژی خاوەنی (رۆژنامەی ئازادی ١٩٤٥ ) ماموستا گیو موکریانی خاوەنی (گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤ ).
جگە لە سەدان نووسەر و رۆشنبیرو ھونەرمەند دڵسۆزانە لە رۆژگاری خۆیدا بەشدارییان لە گەشەپێدانی رۆژنامەگەریی کوردیدا کردووە وەکوو "عەبدولا گۆران / مەعروف بەرزنجی /غەفور میرزا کەریم / جەلالی میرازا کەریم / ئەمینی میرزا کەریم / ئەحمەد غەفور/ مەلا ئەنوەر مائی / شاعیری ناسراو قانیع / ماموستا شاکر فەتاح / محەمەد تۆفیق وردی / محەمەد مەولود مەم / سالح حەیدەری / مامۆستایان هەژار و هێمن و لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە سەدان کەسیتر".
هاوکات دوای ڕاپەرێنی 1991 لە باشووری کوردستان و دروستبوونی قەوارەی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانەنووسی و بەگشتی میدیا و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی پێی نایە قۆناغێکی نوێ و شارستانیترە و چەند قۆناغی بڕیوە و هاوکات لەگەڵ کەموکۆڕی و بەربەستەکانی کۆمەڵێک هەنگاوی جیدیی هەڵهێناوە. جیا لە ڕۆژنامەنووسیی کاغەزی، هاوکات میدیای ئەلکترۆنی و ڕۆژانەمە و گۆڤار و هەفتەنامە و بڵاوکراوەی جۆراوجۆر دەستیان بە وەشان کردووە. لەگەڵ پەیدابوونی میدیای بینراو و تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و میدیای نووسراو کەمڕەنگ بووەتەوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی خۆی هەر ماوە.
ئێستا میدیا و مەیدانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی بە سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری لە ئاستە جیاجیاکان تێدایە و سەرقاڵی کار و چالاکین و چەندین سەنتەر، ناوەند و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێگەیاندنی خوێندکاری بوارە جیاجیاکانی میدیان.
باسنیوز
