وەزیری لاوان و گەشتوگوزاری نەمسا: ئامادەین دۆستایەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەھێزتر بکەین

وەزیری لاوان و گەشتوگوزاری نەمسا: ئامادەین دۆستایەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەھێزتر بکەین
لەمیانی پێشوازییە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارن و سیاسەتمەدارانی نەمسا لە فەلاح حەسەن ئەو لاوە کوردەی کە ھەردوو پۆستی جێگری سەرۆکایەتی لاوانی سیاسیی ئەوڕووپا و جیھانی ھەیە، ئەمجارە لەلایەن خاتوو (ئەلیزابیت کۆشتینگەر) وەزیری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی لاوانی نەمسا پێشوازی لێکرا.

لەدیدارەکەدا فەلاح حەسەن، باسی لەدوایین رەوشی سیاسیی ھەردوو رێکخراوی لاوانی ئەوڕووپا و جیھانی کرد، پاشان تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان لەدوای شەڕی داعش و جێماوەی ئایدۆلۆژیای ئەو رێکخراوە لەنێو مێشکی بەشێک لە گەنجانی شارەکانی عێڕاق و دەوورووبەری کە بەدڵنیاییەوە جێگەی ترسە بۆ سەر ھەرێمی کوردستانیش، لەلایەکی ترەوە باسی لەسەروبەندی دروستکردنی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ وەزیرەکەی نەمسا کرد و ھیوای خواستووە پەرە بەدۆستایەتی ھەردوولا بدرێت.

لای خۆیەوە ئەلیزابیت پشتگیری خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان و لاوانی ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە و ئاماژەی بە قارەمانیەتی گەلی کورد داوە بۆ بەرگریکردن لەھەرێمەکەیان و پێشوازیان لە لێقەوماوانی جەنگ و تیرۆر، وەھیوای خواستووە کە گەنجی کورد زیاتر ڕۆڵ ببینن لە سەکۆ نێودەوڵەتی و سیاسیەکانی جیھانیدا تا بتوانن پەیامی میللەتەکەیان بگەیەنن کە گرنگە بۆ نەوەی تازە و پێگەیشتووی دونیا شارەزایان لەسەر مێژووی ئەم میللەتە خەبتکارە ھەبێت.

شایانی باشە (کریستیان زوول) کاندیدی پەرلەمانی ئەوڕووپا و ئەندامی سەرکردایەتی لاوانی سیاسیی ئەوڕووپا یاوەری سەردانەکەی جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی ئەوڕووپا و جیھان بوون.










باسنيوز
Top