هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی بڕە پارەیەک لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات

هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی بڕە پارەیەک لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات
بڕیارە لەم هەفتەیە یاخود لە هەفتەی داهاتوودا، دەست بە دابەشکردنی بڕە پارەیەک لە هەرێمی کوردستان بکرێت کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی دابەشکردنی دەکرێت.

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، وەک کۆمسیۆن، تەواوی ئامادەکارییە ئیداری و داراییەکانیان تەواو کردووە و چەکی بانکی و حیسابی بانکییان کردووەتەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لەم هەفتەیەدا یاخود لە هەفتەی داهاتوودا، چاوەڕێ دەکرێت پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دابەش بکرێت. هاوکات بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە: “لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ٥٣ حیسابی بانکی کراوەتەوە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکوو لە هەر کوێیەک بن، پارەکەیان وەربگرن”. جگە لەوەی ناوی کارمەندانیان ئامادە کردووە و “هەر كارمەندێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەتوانێت پارەكە وەربگرێت".

دووپاتیشی کردووەتەوە کە لەسەر بەڵێنی بەڕێوەبەری بانکە گشتییەکان، “لە ماوەی هەفتەیەكدا دەتوانین تەواوی پارەكە دابەش بكەینە سەر كارمەندانی سندووقەكانی دەنگدان".

هەندرێن محەمەد دەڵێت، بڕی پارەکە ٦ ملیار دینارە ‌و ٤٣ هەزار كارمەند پارەكە وەردەگرن، هەروەها هەر كارمەندێك بڕی ١٥٠ هەزار دیناری پێدەدرێت و بەڕێوەبەرەی بنكەكانیش بڕی ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان.

دوێنێ شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠١٩، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەرەو کۆتاییە و حیسابی بانکی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کراوەتەوە.











باسنيوز
Top