ڕەھبەری سەید براھیم: بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەمان هەموو شتێک بەدەست پارتییەوەیە

ڕەھبەری سەید براھیم: بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەمان هەموو شتێک بەدەست پارتییەوەیە
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، هەرچەندە ڕێککەوتنەکەیان هەڵنەوەشاوەتەوە و ”لە داهاتوودا واژۆ دەکرێت“، بەڵام هەموو شتەکان لەمبارەیەوە ”بەدەست پارتییەوەیە“. گۆڕانیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە کێشەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی هەیە.

ڕەھبەری سەید براھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕايگەیاند، یەکێتی دەرگای کۆبوونەوەی بەڕووی پارتی و حزبەکانی دیکە واڵایە، بەڵام ”پارتی خۆی کۆبوونەوەکان دادەنێت و ئێمەش چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی پارتی دەکەین“.

جەختیشی کردەوە کە هۆکاری دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە ”گۆڕان کێشەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی هەیە لەگەڵ پارتی“.

باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بکرێت، ئەمجارە بە زوویی کار بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن. گوتیشی: ”ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی ھەڵناوەشێتەوە و بۆ ئاییندە ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەین، بەڵام ھەموو شتەکان لەبارەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی، بەدەستی پارتییەوەیە، ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ گۆڕان نەکردووە، بەڵکو ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی کردووە، بێگومان مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی ئێمە چاوەڕێی پارتی دەکەن، ھەر کاتێک کۆبینەوە، ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەین“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندان بەرپرسی گۆڕان ڕایانگەیاندووە، یەکێتی لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی زیاتر بۆ گرووپ و باڵەکانی، پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەوان بە پۆستێکی زیادی دەزانن.










باسنيوز
Top