"داعش لە دەوروبەری کەرکووک زیادی کردووە"

ماوەی چەند ڕۆژێکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری شاری کەرکووک بەروارد بە مانگی پێشوو زۆر زیادی کردووە و بەرپرسێکی پارتییش لە کەرکووک پێی وایە، هێزەکانی عێراق ناتوانن ڕەوشی ئەمنیی کۆنتڕۆڵ بکەن.



دوێنێ (١٩-٤-٢٠١٩) جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی عێراقدا لە دەوروبەری کەرکووک پەیدا بوو، بەپێی بەیاننامەی شانەی جەنگیی عێراق دوازدە چەکداری داعش لەو پێکدادانەدا کوژراون، کە چواریان پلەی ئەمیرییان ھەبوو، بەڵام شانەکە ھیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی ھێزەکانی عێراق نەکردووە.



لەوبارەیەوە عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای کەرکووکی پارتی دەڵێت: "جووڵەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کەرکووک زۆر زیادی کردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی حەویجە و ڕیاز و داقووق و حەوزی حەمرین، کە تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعشدا لەو سنوورانە ڕووی داوە."



بەرپرسەکەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو ھێزانەی عێراق کە لە کەرکووک و دەوروبەری جێگیر کراون توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەیان نییە و بەپێچەوانەوە خەریکی کاری دیکەن کە لە بەرژەوەندیی ماددیی خۆیاندایە، وەکو بردنی نەوتی کەرکووک بە شێوەی قاچاغ."



ڕوونیشی کردەوە: "لە ھەندێ ناوچەی سەر بە کەرکووک ھێشتا داعش باڵادەستە، ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێزەکانی عێراق شارەزاییی ئەوتۆیان لە ناوچەکە نییە و نەیانتوانیوە وەک پێشمەرگە کە پێشتر لەو سنوورە بوو، پلانی ئەمنییان ھەبێت و لە شوێنی گونجاو جێگیر ببن."
kdp -
Top