پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ مەسیحییەکانی کوردستان

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ مەسیحییەکانی کوردستان
سەرۆک بارزانی پەیامێک بۆ مەسیحییەکانی کوردستان و جیهان بڵاو دەکاتەوە.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی قیامە، پیرۆزبایی لە مەسیحییەکانی کوردستان و جیهان دەکات.

هەر لەو پەیامەیدا، سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە مەسیحییەکان هەموو جەژنەکانیان لە خۆشی و کامەرانیدا بەسەر ببەن و رایگەیاندووە، ”بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان“.

سەرۆک بارزانی بە شانازییەوە باسی کولتوری پێکەوەژیان لە کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، ”لە سایەی ئەو كولتوورە باڵایەی خەڵكی كوردستانە كە، وڵاتەكەمان لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە“.


دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان



بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم. هیوادارم هەموو جەژنەكانیان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن.

بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان و جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژووییەكی دێرینی هەیە و لە سایەی ئەو كولتوورە باڵایەی خەڵكی كوردستانە كە، وڵاتەكەمان لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای بەختەوەری و شادی بۆ خوشك و برا مەسیحییەكانم دەخوازم و هیوادارم ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ نەمانی توندڕۆیی و زوڵم و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و جیهاندا بكێشێت.


بمێنن بە خێر و خۆشی


مسعود بارزانی


20ـی 4ـی 2019









باسنيوز
Top