ڕێگەی خانەقین بۆ بەغدا دەکەوێتە ژێر دەریاچەی حەمرینەوە
رێگەی حەمرین كەلەتەنیشتی دەریاچەی حەمرینە و لە نێوان شاری خانەقین و دیالە و بەغدا هەڵکەوتووە و هاوکات ناوچە کوردستانییەکنی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەبەستێتەوە بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی سەرڕێژبوونی بوونی دەریاچەی "حەمرین" بووەتە ژێر ئاوەوە و جێگری پارێزگاری دیالەش دەڵێت تا ئاوی دەریاچەكە نەخرێتەسەر پرۆژەوە ناتوانرێت هەنگاوی چاكسازی بۆ بنرێت.
لەمبارەوە كەریم عەلی ئاغا، جێگری پارێزگاری دیالە، ئەمڕۆ شەمە 20ی نیسانی 2019 رايگەیاند: "ماوەی هەفتەیەك دەبێت رێگەی دەریاچەی حەمرین كەڵكی هاتوچۆی نەماوە، بەتایبەت پاش ئەوەی لە ماوەی 2 رۆژی ڕابروودا ئاوی دەریاچەی حەمرین سەرڕێأ بووە و ئاوی دەریاچەكە هاتووەتە سەر و رێگاكە بە یەکجاری تەقیوە و ناتوانرێت هاتوچۆی پێدا بكرێت".
گوتیشی: "ئەو رێگایە رێگەیەكی ستراتیژیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە، هاوكات رێگەیەكی هاتنی ئێرانییەكانە بۆ عێراق".
ئەو بەرپرسە كوردە ئەوەی خستە ڕوو: " تا ئاوی دەریاچەكە كەم نەبێتەوە، یا خود نەخرێتە سەر پرۆژەوە ناتوانرێت هەنگاوی چاككردنەوەی بۆ بنرێت".
باسنيوز
