بەرپرسێکی یەکێتی: بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بەرکەوتەی گۆڕانە

بەرپرسێکی یەکێتی: بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بەرکەوتەی گۆڕانە
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکشێنەوە و پێداگریش لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەرچەندە ئەو پۆستە بە بزووتنەوەی گۆڕان دراوە.

زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ڕايگەیاند، ھەرچەندە یەکێتی و پارتی دوو ڕێککەوتنیان کردووە، ڕێککەوتنە سیاسییەکە واژۆ کراوە، بەڵام ”ڕێککەوتننەکەی دیکە ماوەتەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گۆڕان دراوە و ”بەرکەوتەی گۆڕان دەبێت“. گوتیشی: ”ئێمە لەگەڵ پارتی کە ئێستا ھێزی دووەمین و پێشتر ھێزی سێیەمیش بووین و پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم لای ئێمە بووە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم لای ئێمە بێت“.

باسیشی لەوە کرد کە ئەوان پێیانوایە ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەک جێگری هەبێت، ”ئەوە بە بەرکەوتەی خۆمان دەزانین“. بانگەشەی ئەوەشی کرد کە پارتی بە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بە یەکێتی ”ڕازی بووە“، بەو مەرجەی سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت.

لە لێدوانەکەیدا زوبێر عوسمان دووپاتی کردەوە کە بەبێ پارتی و یەکێتی، حکومڕانییەکی تەندرووست لە هەرێمی کوردستاندا نابێت، بۆیە ئەوان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ناکشێنەوە و بەشداری لە حکوومەتدا دەکەن.










باسنيوز
Top