میسر ریفراندۆمێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی سیسی ئەنجام دەدات
بەشێک لە پەرلەمانتاران پرۆژەیەکیان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، پێشکەش کرد و رۆژی سێشەممە 16-4-2019ش پرۆژەکە بە دەنگی 531 ئەندام لە کۆی 596 ئەندام، پەسەند کرا.
ئەمڕۆ شەممە 20-4-2019، دەرگای بنکەکانی ریفراندۆمەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕووی هاووڵاتییانی میسریدا کرایەوە، بۆ پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوەی هەمواری ئەو بڕگەیەی دەستووری وڵات، کە رێگا بە درێژبوونەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئێستای وڵات دەدات.
نزیکەی 55 ملیۆن هاووڵاتیی میسر لەکۆی 100 ملیۆن ملیۆن هاووڵاتی مافی بەشداریکردن لەو ریفراندۆمەیان هەیە.
هەموارکردنەکە باس لە ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆک دەکات و هەموارکردنەکەش تەنیا بۆ عەبدولفەتاح سیسییە، چونکە لە هەموارەکەدا هاتووە، ”خولی سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئێستا لە 2018 دەستی پێ کردووە و لە 2024 کۆتایی دێت و دەتوانێ بۆ خولی سێیەمیش (2024 - 2030، خۆی هەڵبژێرێتەوە".
سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتانی عەرەبی دوو جۆرە، شاهانە و کۆماری، بەڵام لە زۆرینەی کۆمارییەکان سەرۆکەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە حوکم دەمێننەوە و بەشێکیشیان سەرۆکایەتیی وڵاتیان رادەستی کوڕەکانیان کردووە.
عەبدولفەتاح سیسی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئیخوان، وەک تیرۆریست ناساند.
باسنیوز
