عوسمان بانیمارانی: تەقە لە گۆڕی نەوشیروان مستەفا نەکراوە و تەقەکان هەوایی بوون
پاش ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان ڕایانگەیاند کە تەقەکردن لە گۆڕی نەوشیروان مستەفا و پێکانی وێنەکەی لە ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندیی هەردوو حزبە. عوسمانی بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕايگەیاند، گۆڕان لە منداڵدانی یەکێتییەوە دەرچووە و ”هەر دۆستی یەکێتین“.
بانیمارانی هاوشێوەی سەعدی پیرە، ئۆباڵی پەلاماردانی بارەگای مەکۆی سەرەکیی گۆڕانی خستە ئەستۆی ”برادەرێک“ و ڕای گەیاند: ”ئەوەی کراوە برادەرێک کردوویەتی، یەکێتی نەبووە و تەقەکە لە گۆڕی نەوشیروان مستەفا نەکراوە، ھەوایی بووە“.
سەرکردەکەی یەکێتی هەرچەندە داکۆکی لەوە دەکرد کە دەبێت پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە یەکێتی بدرێت، چونکە ”نیوەی ھێزی کوردستان ھی یەکێتییە“. بەڵام بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر بارودۆخی کوردستان بخوازێت، ”یەکەی ٧٠ ھەڵدەوەشێنینەوە و لەگەڵ یەکەی ٨٠ دەیکەینە یەک ھێزی نیشتمانی“.
باسنيوز
