کونسوڵخانەی فەرەنسا سوپاسی گەلی کودستان دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-4-2019، کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پەیامێکی سوپاسگوزاری بڵاو کردووەتەوە.
لە پەیامەکەدا، کونسوڵخانەی فەرەنسا نووسیویەتی، ”زۆر سوپاس بۆ هەموو دۆستانی کوردستانی عیراق بۆ پەیامە هاوسۆزییەکانتان“، کە بەبۆنەی سووتانی کەنیسەی کاتدڕائیی نۆتردام لە پاریس، دەریان بڕیوە.
دوای سووتانی کەنیسەکە، هاووڵاتییانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دڵگرانی و هاوسۆزیی خۆیان بەو رووداوە دەربڕی.
ئەو هاوسۆزییەی گەلی کوردستان بۆ فەرەنسا بەهۆی هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی گەل و حکوومەتی فەرەنسا دێت بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەستیان پێ کردووە و لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیشدا، هاوکارییەکانی فەرەنسا رۆڵێکی کاریگەریان لە سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە هەبوو.
لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15-4-2019، ئاگرێکی گەورە لە کەنیسەی کاتدڕائیی نۆتردام لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کەوتەوە و بووە هۆی وێرانبوونی کەنیسەکە بە تەواوی، کە بە یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان دادەنرا.
باسنيوز
