جێگرە کوردەکەی پارێزگاری دیالە ئاگای لە بڕیارەکانی پارێزگار نییە
لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٠١٩.٤.١٨ نێردراوە، موسەنا عەلی، پارێزگاری دیالە کە ھاوکات یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی ڕێکخراوی (بەدر) بە سەرۆکایەتیی ھادی عامری، ئاگاداری تەواوی یەکە کارکێڕییەکانی پارێزگای دیالەی بە شێوەیەکی گشتی کردووەتەوە کە ھیچ بەرپرسێک بۆ ماوەی (١٥) رۆژ گەشتی دەرەوەی وڵات نەکات.
ئەو نووسراوە لە ١٧ی ئەم مانگەدا گشتاندنی بۆ دەرکراوە، ھۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە بڕیارەکە لە بەرژوەندیی گشتییە و رێکخستنی کاروباری دامودەزگا حکوومییەکانە، بەبێ ئاماژەکردن بە ھۆکاریتر.
پەیوەست بەو بڕیارەی پارێزگاری دیالە، کەریم عەلی ئاغا، جێگری پارێزگاری دیالەوە، ئەویش ڕای گەیاند: "ئاگام لە بڕیاری لەو شێوەیە نییە و بڕیاری لەو جۆرە دەرنەکراوە".
باسنيوز
