هۆشیار عەبدوڵا لەبارەی مووچەی فەرمانبەران هۆشداری بە پەرلەمانتاران دەدات
پاش ئەوەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەنگۆی جۆراوجۆریان لەبارەی مووچە بڵاو کردەوە و لە ئەنجامیشدا دڵەڕاوکێ لەنێو مووچەخۆرانی کوردستان درووست بوو. هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕايگەیاند: ”وەک چۆن لە ڕابردوودا بابەتی بڕینی بوودجە و پاشەکەوتی مووچە تاوانێکی گەورە بوو بەرامبەر بە فەرمانبەران کرا، ئێستاش هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت بازرگانی لە پێناو بەدەست هێنانی پۆست، بە مووچەی خەڵکەوە بکات، جا ئەگەر حزبەکەی خۆشم بێت و یاری پێوە بکات، ئەوا تاوانێکی گەورەی نیشتمانی دەکات“.
ڕوونیشی کردەوە کە پێویستە پەرلەمانتاران بە پێی پسپۆڕیی خۆیان قسە لەسەر بابەتەکان بکەن، “نەک لە لێژنەیەکی دیکە بێت و لەسەر نەوت یان بابەتێکی دیکە قسە بکات”.
ئاماژەی بەوەش دا: ”کۆمەڵگا بە دەست هەموو مانشێتە جۆراو جۆرەکان و لێدوانە سەیر سەیرەکانەوە هیلاک بووە“، ئاشکرای کرد کە ڕۆژی سێشمەممە ١٦\٤\٢٠١٩ لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر بابەتی مووچە و پشکی هەرێم قسەم کرد، تەئکیدم لێ کردەوە کە مووچەی هەرێم وەک خۆی دێت، بۆیە دواکەوتنی مووچە ڕۆژێ یان هەفتەیەک پەیوەندی بە ڕۆتیناتی وەزارەتی دارایی عێراق هەیە مەرج نییە کێشەیەکی گەورە بێت.
باسنيوز
