داوای بەقەزابوونی كۆنترین ناحیەی كوردستان لە بەردەستی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانە

داوای بەقەزابوونی كۆنترین ناحیەی كوردستان لە بەردەستی سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانە
خورماڵییەكان داوا دەكەن ناحیەكەیان بكرێت بە قەزا و بۆ ئەو مەبەستەش هەزاران واژۆیان كۆ كردووەتەوە و داویانە بە لایەنی پێوەندیدار، پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێ، یاداشتی بەقەزابوونی خورماڵ لە بەردەست سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانە.

ناحیەی خورماڵ، كە كۆنترین ناحیەی كوردستانە، دانیشتووانەكەی داوای بەقەزابوونی دەكەن، پارێزگاری هەڵەبجەش، ئازاد تۆفیق، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یاداشتی بەقەزاكردنی خورماڵ لە بەردەستی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی ناوخۆدایە".

تۆفیق گوتیشی: "لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا، پێمان وایە یەكێك لە كارە جیدییەكانی حكوومەت بەقەزاكردنی خورماڵ دەبێت و هەنگاوەكان بۆ بەقەزاكردنی چڕ دەكرێنەوە".

ڕۆژی (13-3-2014) لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، واژۆ لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە كرا، لە (2-5-2015)ـیش لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند كرا و كرایە چوارەم پارێزگای كوردستان، پاشان سەرۆك (مەسعوود باررزانی)، بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.

هەڵەبجە لە ئێستادا لە چوار ناحیە پێك هاتووە، كە بریتین لە ناحیەكانی خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ، چالاكوانانی ناحیەی خورماڵیش بە هەزاران واژۆی هاووڵاتیانی ناحیەكەیان كۆ كردووەتەوە و داویانە بە لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ بەقەزاكردنی ناحیەكەیان.

خورماڵ، كە 47 گوندی هەیە و ڕێژەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 12 هەزار كەسە، دەوڵەمەندە بە ناوچەی گەشتیاری و شوێنەوار و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار ڕوی تێدەكەن
kdp-
Top