جەبار یاوەر زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لێژنەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق دەخاتە ڕوو
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕايگەیاند: ”دوو تیم هاتبوون یەکێکیان لێژنەی سەرپەرشتی ڕووپێوکردنی دابەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، لە خانەقینەوە تا ناوچەکانی ڕەبیعە لەسەر نەخشە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ و بە درێژای 560 کیلۆمەتر و ئێستەش ئەرکەکەیان تەواو بووە هاتن بۆیان باسکردین و وێنەیەکی نەخشەکەشیان پێداین، هەمان نەخشەیان بە وەزارەتی بەرگریش داوە“.
گوتیشی: ”هاتنی لێژنەکە تەنیا بۆ ئەو بابەتە بووە، هۆکارێکی دیکەی نەبووە، چاوەڕێ دەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە لێژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و لێژنەی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوە بکەن، گفتوگۆکانیش بۆ ئەوەیە کە هەماهەنگی و هێزی هاوبەش و پرۆسەی هاوبەش لەو ناوچانە هەبێت“.
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە کە ئایا گفتوگۆیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە؟، جەبار یاوەر، گوتی: ”گفتومان کردووە و بابەتی جێبەجێکردنی بڕگەیەکی مادەی 10ی یاسای بوودجەی فیدراڵییە پەسەند کراوە، شتێک لە بوودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە وەک مووچەی مانگانە دیاریکراوە، بڕەکەی مانگانە 68 ملیارە و ساڵانە 816 ملیارە دینار دەکات“.
باسنيوز
