جەبار یاوەر زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لێژنەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق دەخاتە ڕوو

جەبار یاوەر زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لێژنەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق دەخاتە ڕوو
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لێژنەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق ڕای دەگەیەنێت، ئەو لێژنەیە بۆ باسکردنی کارەکانی ڕووپێویان هاتبوون.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕايگەیاند: ”دوو تیم هاتبوون یەکێکیان لێژنەی سەرپەرشتی ڕووپێوکردنی دابەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، لە خانەقینەوە تا ناوچەکانی ڕەبیعە لەسەر نەخشە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ و بە درێژای 560 کیلۆمەتر و ئێستەش ئەرکەکەیان تەواو بووە هاتن بۆیان باسکردین و وێنەیەکی نەخشەکەشیان پێداین، هەمان نەخشەیان بە وەزارەتی بەرگریش داوە“.

گوتیشی: ”هاتنی لێژنەکە تەنیا بۆ ئەو بابەتە بووە، هۆکارێکی دیکەی نەبووە، چاوەڕێ دەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە لێژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و لێژنەی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوە بکەن، گفتوگۆکانیش بۆ ئەوەیە کە هەماهەنگی و هێزی هاوبەش و پرۆسەی هاوبەش لەو ناوچانە هەبێت“.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە کە ئایا گفتوگۆیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە؟، جەبار یاوەر، گوتی: ”گفتومان کردووە و بابەتی جێبەجێکردنی بڕگەیەکی مادەی 10ی یاسای بوودجەی فیدراڵییە پەسەند کراوە، شتێک لە بوودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە وەک مووچەی مانگانە دیاریکراوە، بڕەکەی مانگانە 68 ملیارە و ساڵانە 816 ملیارە دینار دەکات“.










باسنيوز
Top