بەرپرسێکی پارتی: بەم زووانە دانوستانی کۆتایی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی نیسانی ٢٠١٩، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی، پێشوازی لە پلامین هریستۆڤ، باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق کرد و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد و سوپاسی بولگاریا کرا کە لە شەڕی دژی تیرۆردا پاڵپشتیی هەرێمی کوردستانی کردووە.
هاوکات سیوەیلی لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕای گەیاند کە گەلی کوردستان پێی باشە ناکۆکییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن. حکوومەتی ئێستای عێراقیش خاوەنی ڕوئیایەکی جیاوازە لە مامەڵەکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. جگە لەوەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، بەستەڵەکی نێوان هەردوولای تواندووەتەوە.
هەر لە دیدارەکەدا بەرپرسەکەی پارتی باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کردووە و ئاشکرای کردووە: ”لایەنەکان زۆر لێک نزیکن و لە ماوەیەکی نزیکدا دانوستانی کۆتایی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دەست پێ دەکاتەوە“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”بەم زووانە کابینەی نوێ بۆ خزمەتی کوردستان پێک دەھێندرێت“.
باسنيوز
