بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق: سبەی پارەی مووچه دەدرێتە وەزارەتی دارایی

بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق: سبەی پارەی مووچه دەدرێتە وەزارەتی دارایی
بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد کە سبەی پێنجشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠١٩، پارەی مووچەی فەرمانبەران ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕايگەیاند، فەرمانی خەرجکردنی پارەی مووچە دەرچووە. گوتی:"ئەمڕۆ بڕیاری تەمویلی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لای ئێمە پشوو بوو، بۆیە سبەی پارەکە دەدرێتە وەزارەتی دارایی".

ڕوونیشی کردەوە کە سبەی بڕە پارەی دیاریکراو بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەدرێت، تاوەکوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران تەواو بکرێت.

بەگوێرەی بودجەی 2019ی عێراق، مانگانە حکوومەتی عێراق 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت كە كۆی پارەكە دەكاتە 522 ملیار دینار.

سبەی پێنجشەممە مووچەی (وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ئەوقاف، سامانە سرووشتییەکان، خوێندنی باڵا، دەزگای ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش، زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە) دابەش دەکرێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە ڕای گەیاند: “بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو مووچەی هەموو ئەو شوێنان دەدرێت کە مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە".










باسنيوز
Top