وەزیری دارایی عێراق: لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی نیسانی ٢٠١٩، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، هەر ئەمڕۆ پەیوەندی بە فواد حوسێن، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراقەوە کردووە، لەبارەی نەهاتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە.
پەرلەمانتارەکە ئاشکرای کردووە: ”وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی تەواوی داینێ کە هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە“.
لە وەڵامەکەدا فواد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە: ”هیچ کێشە و گرفتێک سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئارادا نییە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر خەتین“.
هۆشیار عەبدوڵا هیوای خواستووە کە هیچ کەس و لایەنێک بەبێ بوونی زانیاریی تەواو، نەبێتە سەرچاوەی هەواڵێک کە لە کۆتاییدا هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نیگەران بکات.
باسنیوز
