دەستەی ژینگەی ھەرێم: دەمانەوێت ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێم بگەیەنینە ڕێژەی ستانداردی جیھانی
ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانیی ژینگەیە لە سەرتاسەری وڵاتانی جیھان، لەو بارەیەوە و سەبارەت بە ژینگەی و ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان کە بوونی ڕێژەی زۆری سەوزایی دەبێتە ھۆی باشبوونی ژینگە، ھەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەشوھەوا لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتان باش نەبووە و بەھۆی وشکەساڵییەوە ئاو کەم بووە، نەتوانراوە ڕێژەی سەوزایی وەکو پێویست زیاد بکرێت، بەڵام ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و ھیوادارین بەنداوی بچووک و گەورە دروست بکرێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە ڕێژەی سەوزایی بەرز بکەینەوە."
د.ھەڵۆ عەسکەری گوتیشی، ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک باشە و تەنیا لە ھەندێک شوێن کەمە، بەڵام پلانیان ھەیە کە ڕێژەکە بۆ ستانداردی جیھانی کە ١٥ بۆ ٢٥%ـە بەرز بکەنەوە، چونکە بوونی سەوزایی سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.
عەسکەری باسی لەوەش کرد، ژینگەی ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بوونی کارگە و زۆریی ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەی نایاسایی و مۆلیدەی ئەھلی بووەتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە، بەڵام ھەندێک ڕێنمایی ھەیە گەر جێبەجێ بکرێن، ئەوکات ژینگەی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت و ئەوانیش لە ھەوڵدان کە ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکەن.
kdp-
