دەستەی ژینگەی ھەرێم: دەمانەوێت ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێم بگەیەنینە ڕێژەی ستانداردی جیھانی

دەستەی ژینگەی ھەرێم: دەمانەوێت ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێم بگەیەنینە ڕێژەی ستانداردی جیھانی
سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان وەکو پێویست نییە، بەڵام پلانیان ھەیە ڕێژەکە بۆ ستانداردی جیھانی بەرز بکەنەوە.



ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانیی ژینگەیە لە سەرتاسەری وڵاتانی جیھان، لەو بارەیەوە و سەبارەت بە ژینگەی و ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان کە بوونی ڕێژەی زۆری سەوزایی دەبێتە ھۆی باشبوونی ژینگە، ھەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەشوھەوا لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتان باش نەبووە و بەھۆی وشکەساڵییەوە ئاو کەم بووە، نەتوانراوە ڕێژەی سەوزایی وەکو پێویست زیاد بکرێت، بەڵام ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و ھیوادارین بەنداوی بچووک و گەورە دروست بکرێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە ڕێژەی سەوزایی بەرز بکەینەوە."



د.ھەڵۆ عەسکەری گوتیشی، ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک باشە و تەنیا لە ھەندێک شوێن کەمە، بەڵام پلانیان ھەیە کە ڕێژەکە بۆ ستانداردی جیھانی کە ١٥ بۆ ٢٥%ـە بەرز بکەنەوە، چونکە بوونی سەوزایی سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.

عەسکەری باسی لەوەش کرد، ژینگەی ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بوونی کارگە و زۆریی ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەی نایاسایی و مۆلیدەی ئەھلی بووەتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە، بەڵام ھەندێک ڕێنمایی ھەیە گەر جێبەجێ بکرێن، ئەوکات ژینگەی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبێت و ئەوانیش لە ھەوڵدان کە ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکەن.

kdp-
Top