لە سەرجەم شارەكانی كوردستان یادی كارەساتی ئەنفال دەكرێتەوە

	 لە سەرجەم شارەكانی كوردستان یادی كارەساتی ئەنفال دەكرێتەوە
بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ رێوڕەسمی فەرمیی یادی كارەساتی ئەنفال لە گوندی دێبنەی گەرمیان بەڕێوە دەچێت و، لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیش ئەم یادە زیندوو دەكرێتەوە.

بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 14ی 4، رێوڕەسمی فەرمیی یادی كارەساتی ئەنفال لە گوندی دێبنەی گەرمیان بەڕێوە دەچێت، كە لەسەر ئاستی باڵا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەشداریی ئەو یادە دەكەن، هەروەها لە شارەكانی تریش لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و لە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگاكان و رێكخراوەكان لە شارەكان، بۆ ئە یادە رێوڕەسمی تایبەت ئەنجام دەدەن و وەكو پرسێكی نیشتیمانی بیرەوەرییەكە زیندوو دەكرێتەوە و پەیام دەبێت و هەروەها وتاری كەسوكاری قوربانیانیش پێشكەش دەكرێت‌".

بەرەڤان حەمدی ڕاشیگەیاند‌، هەوڵ دەدرێت لە رێگای هەردوو حكوومەتەوە بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ بكرێن و كار لەسەر چۆنیەتیی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكرێت و هەروەها پرسی ئەوانەی كە ماون چۆن سۆراغیان بكرێت.

بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان گوتیشی: "ئەم یادە بەشێكە لە مێژووی ئەو وڵاتە و رۆژێكی ڕەشە و تاوانێكی مەزن دەرحەق بەم میللەتە كراوە، كە مەبەست تێیدا لەناوچوونی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بووە، یادكردنەوەشی، بە مانای ئەوە دێت كە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، بەرهەمی خەڵكێكە كە قوربانی داوە، هەروەها بەرهەمی كەسانێكە كە خەباتیان كردووە و تێكۆشاون تا گەیشتووینەتە ئەمڕۆ، ئەم مێژووەش ناسڕێتەوە و دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە، تاكو بەردەوام سوودی لێ وەربگیرێت و لە داهاتوودا تووشی هیچ كۆمەڵكوژییەكی تر نەبینەوە."

لە هەرێمی كوردستان، بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی جینۆساید، 14ی نیسانی هەموو سالێك بە رۆژی یادكردنەوەی ئەنفالی كوردستانیان دیاری كراوە.

kdp-0
Top