د. بێوار: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەرفەتێكی باشە بۆ زیادكردنی داھات

د. بێوار: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەرفەتێكی باشە بۆ زیادكردنی داھات
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە گوتی، نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت و تا كۆتایی ساڵ لە ٨٠ دۆلار كەمتر نابێت، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ھەرێمی كوردستان بەرھەم و داھاتی نەوتی خۆی زیاد بكات.

د. بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەو وڵاتانەی نەوت دەفرۆشن وەكو ئێران و نەیجیریا و ڤەنزوێللا و لیبیا، بەردەوام نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە، جگە لەوەش ھەڕەشە لەسەر ھەناردەكردنی نەوت ھەیە، ئەوەش وای كردووە گەیشتنی نەوت بە وڵاتان دوا بكەوێت، بۆیە داواكاری بۆ نەوت زۆر بووە و نرخەكەشی گران بووە، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت، نرخی نەوت بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە".

خنسی گوتیشی: "تاوەكو دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتانە بەو جۆرە بێت، نرخی نەوت لە ٨٠ دۆلار كەمتر نابێت و تاوەكو كۆتایی ساڵیش بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، چونكە ھەموو پێشبینییەكان دەریدەخەن كە نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی كوردستانە و داھاتی ئەوان لە نەوت زیاد دەبێت".

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە باسی لەوەش كرد، ٩٠%ی داھاتی عێراق و ھەرێمی كوردستان لەسەر نەوتە، بۆیە بە گرانبوونی نرخی نەوت، داھاتی عێراق و ھەرێمی كوردستان زۆر زیاد دەكات، چونكە بودجەی ئەمساڵی عێراق لەسەر ٥٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دانراوە و ئێستاش نرخی نەوت بووەتە ٧١دۆلار و بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە.

دەشڵێ، ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت، وا دەكات دەرفەتێكی باش بۆ ھەرێمی كوردستان بڕەخسێت بۆ ئەوەی بتوانێ داھاتی نەوت زیاتر بكات، چونكە توانای زیاتریان دەبێت ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێت.

kdp-
Top