سبەی دووەم كۆڕبەندی ئابووریی دھۆك بەڕێوە دەچێت

سبەی دووەم كۆڕبەندی ئابووریی دھۆك بەڕێوە دەچێت
بڕیارە سبەی، دووشەممە ١٥/٤/٢٠١٩، لە شاری دھۆك دووەم كۆڕبەندی ئابووری بەڕێوە بچێت، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆكیش دەڵێ، كێشە و ئاستەنگی بەردەم گەشەی ئابووری چارە دەكەن.



ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی دووەم كۆڕبەندی ئابووریی دھۆك بەڕێوە بچێت و تێیدا چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێن و ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكانی ھەرێمی كوردستانیش بەشداری دەكەن، چونكە جگە لە كۆمپانیاكانی پارێزگای دھۆك، ژمارەیەك كۆمپانیای دیكەی پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانییش بەشداری لە كۆڕبەندەكەی دھۆكدا دەكەن".



لە سنووری پارێزگای دھۆك سێ ھەزار و ٧٠٠ كۆمپانیای بازرگانی كار دەكەن و بەھۆی ھەبوونی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە، دھۆك دەروازەیە بۆ ھەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق.



سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك گوتیشی: "لە چەندین پانێڵدا ڕەوشی ئابووری و گەشەی ئابووریی ئەمساڵ دەخرێتە ڕوو، ھەروەھا ئەو كۆسپ و تەگەرانەی دەكەونە بەردەم گەشەی ئابووری و كاری كۆمپانیاكان، باس دەكرێن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە".



حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەمساڵ ئابووریی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو كەرتەكاندا پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و یەكخستنی پێناسی گومرگیی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەكرێت ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان لەمساڵدا بگەڕێتەوە بۆ پێش ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش".
kdp-
Top