سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: فۆڕمی دەستپاکیی فەرمانبەران بەپێی یاسایە و پەیوەندیی بە مووچەوە نییە
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە، پڕکردنەوەی فۆڕمی فەرمانبەران ھیچ مەترسییەکی لەسەر پاشەڕۆژی فەرمانبەران ھەبێت و دەڵێت: "پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ ھەموو فەرمانبەرانی حکوومەت بەپێی یاسایە و ھیچ مەبەستێکی دیکە لەپشت پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمەوە نییە."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بەپێی یاسای عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەموو فەرمانبەرێک بەڵێننامەیەک پڕ بکاتەوە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی وەک خزمەتی فەرمانبەریەتی، لە عێراق چەندین ساڵە ئەو یاسایە ھەیە و لە ھەرێمی کوردستانیش ھەیە."
ئەنوەر ڕوونی کردەوە: "بەپێی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ڕێوشوێنی فەرمانبەریەتی ئەوەیە فەرمانبەر بەرپرسە بەرامبەر ئەرکەکەی، لە ڕێنماییەکان ھەندێ زانیاریمان ڕوون کردووەتەوە، ئەوەی دیکە ھەمووی بەگوێرەی ئەو بەڵێننامەیەی فەرمانبەرانە، سزادانی فەرمانبەریش ھەر بەپێی یاسای خزمەتی فەرمانبەرانی دەوڵەتە."
لەبارەی ئەو دەنگویانەی باس لەوە دەکرێت پڕکردنەوەی فۆڕمی دەستپاکی بە مەبەستی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بێت، دکتۆر ئەنوەر ئەحمەد دەڵێت: "بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە مووچە و قەیرانی دارایی و ڕەوشی ساڵانی ڕابردووەوە نییە."
kdp-
