د. بەشیر حەداد: میکانیزمی زامنکردنی ئازادی و مانەوەمان، یەکڕیزیی نەتەوەیییە
ڕۆژی ١٤ی ٤ی ٢٠١٩ شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشدارییان لە ساڵوەگەڕی ئەنفالدا لە گەرمیان کرد
لەو یادەدا، حەداد بە ناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە گوتارێکی پێشکەش کرد. لە گوتارەکەیدا چەندین پەیامی لەخۆ گرتبوو، کە ئاماژە بوو بە پاراستنی یەکڕیزیی ماڵی کورد و سووربوون لەسەر سازشنەکردنی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا. ھەروەھا لەبەردەم کەسوکاری ئەنفالکراواندا بەڵێنی دا کاری جیددی لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکەن و ئەم کەیسە بەرنە بەردەم دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان و وەک جینۆسایدی کورد بیناسێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەداد ئاماژەی بەو کارە دڕندانەی ڕژێمی بەعس کرد کە دەرحەق بە گەلی کورد کردی و ئەو بێدەنگییەی جیھانی ئازاد و دەوڵەتانی ئیسلامی لە ئاست ئەم تاوانە مرۆییەدا ڕەچاویان کرد.
لە کۆتاییدا بە ناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و گشت پەرلەمانتارەکانییەوە سەری ڕیز و نەوازشی بۆ قوربانیانی ئەنفال دانەواند.
kdp-
