مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی دەستەی خێرخوازیی ئیسلامی جیهانی کرد
لە دیدارێکدا، کە کونسووڵی گشتیی دەوڵەتی کوێت ئامادە بوو، سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پانابەرانی ناوخۆ و دەرەوە. پوختەیەکی لەبارەی یارمەتییە فریاگوزارییەکانی دەستەکە لە هەرێمی کوردستان خست ڕوو، کە بەهاوکاریی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئاوارە و پەنابەرەکانی ناو کەمپەکانیان دابەشی کردووە و رایگەیاند، دەستەکەیان خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەوانە دەکات، کە پێویستیانە، بەتایبەتی منداڵانی بێباوک و خانەوادە بێ سەرپەرشتەکان بۆئەوەی لە قۆناغی پێویستییەوە بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنان بچن.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو ئاسانکارییەک لە هەر کارێکی خێرخوازی دەربڕی و رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی لە دابینکردنی فریاگوزارییە مرۆییەکان بەرز نرخاند و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو بارگرانییەی بەهۆی بڕینی بودجە و شەڕی داعش لەسەری بوو، بەڵام باوەشی بۆ ئاوارەکان کردەوە و ئەوەی لە توانایدا هەبوو بێ جیاوازی پێشکەشی کردن. میکانیزمەکانی پەلەکردن لە پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاکانی ژیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا خێرخوازییە جیهانییەکان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنیوز
