مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی دەستەی خێرخوازیی ئیسلامی جیهانی کرد

 مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی دەستەی خێرخوازیی ئیسلامی جیهانی کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤-٤-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. عەبدوڵڵا ئەلمەعتوق سەرۆکی دەستەی خێرخوازیی ئیسلامی جیهانی و شاندی یاوەری کرد.



لە دیدارێکدا، کە کونسووڵی گشتیی دەوڵەتی کوێت ئامادە بوو، سەرۆکی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پانابەرانی ناوخۆ و دەرەوە. پوختەیەکی لەبارەی یارمەتییە فریاگوزارییەکانی دەستەکە لە هەرێمی کوردستان خست ڕوو، کە بەهاوکاریی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئاوارە و پەنابەرەکانی ناو کەمپەکانیان دابەشی کردووە و رایگەیاند، دەستەکەیان خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەوانە دەکات، کە پێویستیانە، بەتایبەتی منداڵانی بێباوک و خانەوادە بێ سەرپەرشتەکان بۆئەوەی لە قۆناغی پێویستییەوە بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنان بچن.



لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو ئاسانکارییەک لە هەر کارێکی خێرخوازی دەربڕی و رۆڵی دەستەی خێرخوازی ئیسلامی جیهانی لە دابینکردنی فریاگوزارییە مرۆییەکان بەرز نرخاند و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو بارگرانییەی بەهۆی بڕینی بودجە و شەڕی داعش لەسەری بوو، بەڵام باوەشی بۆ ئاوارەکان کردەوە و ئەوەی لە توانایدا هەبوو بێ جیاوازی پێشکەشی کردن. میکانیزمەکانی پەلەکردن لە پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاکانی ژیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا خێرخوازییە جیهانییەکان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.











باسنیوز
Top