وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ چوار مووچەکە لێژنەیەک دەچێتە بەغدا
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و رۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند، بەغدا لە چوارچێوەی دەزگایەکی فەرمیی بەرگریی عێراق مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕی پارەی چوار مانگی پێشمەرگەی داناوە کە بڕەکەی ٨١٦ تریلیۆن دینارە و مانگانەش دەبێت بنێردرێت.
جەختیشی کردەوە کە ڕەزامەندی دراوە مانگانە ٦٧ ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە ڕەوانە بکرێت. گوتیشی: ”لێژنەیەک بەدواداچوون دەکات، ئەو لێژنەیە بەڕێوەبەری ژمێریاریی وەزارەتە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی وەزارەت، لەگەڵ فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق هەماهەنگییان کردووە و بڕیارە بەدواداچوون بکەن، لێژنەیەکیش لەو بەڕێزانە بچێتە بەغدا“.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا مانگانە مووچەکە دەنێرێت و لەمبارەیەشەوە پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە.
بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، حکوومەتی عێراق پابەند کراوە بە ناردنی بڕی ٦٧ ملیار دینار وەک مووچەی پێشمەرگە، بەڵام مووچەی مانگەکانی ١ تا ٤ نەنێردراوە و پێشتر ڕاگەیاندرا کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی هەر چوار مووچەکەی داوە.
باسنیوز
