دووەم كۆڕبەندی ئابووریی توركیا لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت

 دووەم كۆڕبەندی ئابووریی توركیا لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت
بڕیارە لە هەفتەی دابێ كۆڕبەندێكی ئابووریی كۆمپانیاكانی توركیا لە شاری ھەولێر بەڕێوە بچێت، سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستانیش دەڵێ، بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكە كاریگەری لەسەر پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا دەبێت.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی داھاتوودا دووەم كۆڕبەندی توركیا لە شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت، كە لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیای توركییەوە ئەنجام دەرێت و مەبەست لە بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەش بۆ زیاتر پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا دەبێت، ھەروەھا گەڕانەوەی بازرگانانی توركیا بۆ بازاڕی عێراق وەك ساڵانی پێشوو.

سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی گوت، كۆمپانیا و بازرگانانی ھەرێمی كوردستانیش لەو كۆڕبەندەدا بەشدار دەبن، ئەنجامدانی كۆڕبەندەكەش كاریگەری لەسەر پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا دەبێت، چونكە پەیوەندی بازرگانی لەو جۆرە چالاكیانە دروست دەبێت.

لەبارەی رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان، گەیلان حاجی سەعید روونی كردەوە، رەوشی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو گەشەكردن دەچوو، بەڵام رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان چەند رۆژێكە كاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی دروست كردووە، چونكە بازاڕ و كەرتی ئابووری وابەستەن بە رەوشی سیاسییەوە، ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێت، رەوشی بازرگانی گەشەی بەرچاوی دەبێت.
kdp-
Top