بەیانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کەلار کۆ دەبێتەوە

بەیانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کەلار کۆ دەبێتەوە
به‌یانی (14/٤) ٣١ ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدی گه‌رمیانییه‌كان له‌ لایه‌ن ڕژێمی سه‌ددام حوسێنەوە تێ دەپەڕێت، كه‌ 182 هه‌زار هاووڵاتیی سڤیلی‌ ته‌نیا بە تاوانی كوردبوون ‌ڕاگواست بۆ باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و زینده‌به‌چاڵی كرد. ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ ڕۆژی 14-4 كه‌ ڕۆژی ئه‌نفاله‌ له‌ كه‌لار كۆ ده‌بێته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ سێ ته‌وه‌ر له‌ خۆی ده‌گرێت كه‌ تایبه‌تن به‌ گه‌رمیان و خزمه‌تگوزاری به‌و ناوچه‌یه‌.



زیاد كاكه‌ ڕه‌زا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی ڕاگه‌یاند: "سبه‌ی له‌ 31 ساڵه‌ی جینۆسایدی گه‌رمیانییه‌كاندا له‌ شاری كه‌لار ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كۆ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ سێ ته‌وه‌ر له‌ خۆ ده‌گرێت".



كاكه‌ ڕه‌زا گوتیشی: "له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌یی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا میوانداریی لێپرسراوانی ئیداریی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كرێت، ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبوونه‌وه‌کە پێشنیار ده‌كات پڕۆژه‌كانی گه‌رمیان په‌ره‌یان پێ بدرێت و ئه‌و پڕۆژانه‌ی ته‌واو نه‌كراون به‌زووترین كات ته‌واو بكرێن، ته‌وه‌ری سێه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ کە به‌ زووترین كات كار له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ڕێگای كه‌لار_سلێمانی بكرێت كه‌ له‌ لایه‌ن هاوڵاتییانه‌وه ‌به‌ ڕێگای مه‌رگ ناسراوە."



سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "ته‌واوی بڕیار و پێشنیاره‌كانی به‌یانیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان كه‌ به‌ زووترین كات ده‌ست به‌ كار له‌ پڕۆژه‌كاندا بكرێت ".



زیاد كاكه‌ ڕه‌زا ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد: "پڕۆژه‌ بۆ گه‌رمیان كراوه،‌ به‌ڵام ده‌كرا ئیشی باشتر بۆ ئه‌و ناوچه‌ بكرایه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی حكوومه‌ت ساڵانی ڕابردوو، به‌تایبه‌ت سه‌ردانی گه‌رمیانی كردووه‌ و پڕۆژه‌ی بۆ گه‌رمیان پێشكه‌ش كردووه‌".
kdp-
Top