عەبدە: پێویستە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال قەرەبوو بکرێنەوە
سەرۆکی ڕێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بەڕێوەچوونی ٦١ دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیار بوو کەسوکاری پڕۆسەی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام جگە لە ھاووڵاتییانی عەرەب تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادە نییە کەسوکاری قوربانیانی پڕۆسەکانی ئەنفال و جینۆساید قەرەبوو بکاتەوە، کە قەبارەی ئەو قەرەبووە یەکجار زۆرە."
پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان لە کۆتاییی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەڕێوە چوو و زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی کورد بوونە قوربانی.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان دەڵێت:" ئێستا کەسوکاری قوربانیان دەبێ سکاڵا لە دادگا تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکەیان، بەڵام پێویستە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پرسی قەرەبووکردنەوە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی و لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر بکەین."
زەمان عەبدە ڕوونی کردەوە: "بەپێی یاسا ئەگەر قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکرێتەوە، گومانی تێدا نییە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، چونکە ھەموو خێزانێکی خاوەن شەھید گوژمەیەکی یەکجار زۆر پارە وەردەگرێت و ئەوانەیشی زیانی ماددییان ھەبووە بۆیان دەخەمڵێندرێت."
kdp-
