هاووڵاتیانی ئیندۆنیسی لە هەولێر دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دا
بامبانگ ئەنتاریسکۆ، باڵیۆزی گشتیی ئیندۆنیسیا لە عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەرگاری هەڵبژاردن بە ڕووی دەنگدەرانی ئیندۆنیسیدا لە هەولێر کرایەوە بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی خۆیان هەڵبژێرن. پڕۆسەی دەنگدانەکەش تاکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێــت. یەک وێستگە لە هەولێر بۆ هاووڵاتیانی ئیندۆنیسی ئامادە کراوە و دەتوانن دەنگ بدەن بە سەرۆکایەتی و پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێییەکانیان، 310 کەس لە هەولێر ناویان تۆمار کراوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن."
بامبانگ ئەنتاریسکۆ گوتی: "هاتووم بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژادنی وڵاتەکەم بکەم و لە ژینگەیەکی ئارام و بێگەردی هەولێر لەم وێستگەیە دەنگی خۆم داوە، 310 کەس مافی بەشدارییان هەبووە و 130 کەس دەنگیان داوە، پڕۆسەی هەڵبژادرنەکه بەپێی پلانی ئێمه بەڕێوە دەچێت، بە ڕێکارەکانی کۆمسیۆن پڕۆسەکە سەرکەوتووە لە هەڵبژاردنی گشتی کە وابڕیارە ۱۷/٤/۲۰۱۹ بەڕێوە بچێـت."
١٩٨ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئیندۆنیسیا مافی دەنگدانیان هەیە، 800 هەزار بنکەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات بۆ هاووڵاتیانی ئیندۆنیسی ئامادە کراون، 16 لایەنی سیاسیی بەهێز کێبڕکێی بەدەستهێنانی 575 کورسیی پەرلەمانی ئیندۆنیسیا دەکەن.
کێبڕکێی سەرۆکایەتی لە نێوان لیستی pdi، شەش لایەن هاوپەیمانی و لیستی grindra چوار لایەنی هاوپەیمانیدایە، حزبی دەسەڵات هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی دەدات، هیچ لایەنێک ناتوانێت 50%ی دەنگەکان ببات، واتا هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا حکوومەت پێک بێنێت، بە هاوپەیمانی نەبێـت.
چینی ناسیۆنالیست و دیموکرات و ئیسلامییەکانیش هەریەکەیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕێژەی بەرزی دەنگەکاندان.
باڵیۆزی ئیندۆنیسیا دەشڵێت: "هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز دەبێـت، ململانێ و کێبرکێی توند لە ئارادایە، پێشبینی دەرەنجامەکان کەمێک سەختە، بەڵام حکوومەتی ئەمجارە حکوومەتێکی بەهێز دەبێـت و کار لەسەر ئاستی بژێویی تاک دەکات، ئابووری و ژێرخانی وڵات پتەوتر دەکات، پەیـوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتان بەهێز و هەمەچەشن دەبێـت، حکوومەتی کوردستان دۆستی ئێمەیە و پەیوەندیی پتەومان هەیە. سوپاسی هاوکاری و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئیندۆنیسی لە هەرێم دەژین، ژمارەیان نزیک سێهەزار دەبێت، بە ئارامی و بێکێشە کارەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمە نیشانەی سەقامگیری و پێکەوەژیانی بەهێزە لە هەرێمی کوردستان."
بامبانگ ئەنتاریسکۆ وەسفی پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کرد بەراورد بە ئاستی ناوچەکە و گوتی، ئەمە ئاشنایەتیی کلتووری و دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان نیشان دەدا.
باڵیۆزی ئیندۆنیسیا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ کارئاسانی و هاوکاریی زیاتری هاووڵاتیانمان لە هەرێم لە هەوڵ و پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەوەی کونسووڵی ئیندۆنیسیا لە هەولێر بکرێـتەوە، ئامادەیی نیشان دراوە، بەڵام پێویستی بە خوێندنەوەی زیاتر و هەلومەرجی وڵات دەبێــت، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ، یان ساڵی ئایندە بکرێتەوە."
kdp-
