وردەکاریی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر

وردەکاریی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر
بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر گوتی، قۆناغی یەکەمی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری دەستی پێ کردووە و شەقامەکە بە پێنج قۆناغ دروست دەکرێت و ماوەی دروستکردنەکەیشی ھەزار و٢٥٠ ڕۆژە و پڕۆژەکەش بەقەرز دروست دەکرێت تاوەکو تەواو نەکرێت و حکوومەت پارەی بۆ خەرج ناکات.



بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری شاری ھەولێر، سەرتیپ قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری کۆمپانیای ھێمن گرووپ دروستی دەکەن بەقەرز تاوەکو حکوومەت پارەی ھەبێت بیانداتەوە و ئێستا پڕۆژەکە دەستی پێ کردووە و بە پێنج قۆناغ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت."



سەرتیپ قادر گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە ھاوشێوەی جادەی ١٢٠ مەتری دەبێت و بە تەواوکردنی جادەکە قەڵەباڵغیی ناوشار نامینێت و ڕێگاکانیش زۆر نزیک دەبنەوە، بۆیە سوودی زۆری بۆ خەڵکی ھەولێر دەبێت و گرنگییەکی زۆریشی ھەیە."



قادر باسی لەوەش کرد: "بڕیارە دروستکردنی ئەو شەقامە لەوەی ھەزارو٢٥٠ ڕۆژ دروست بکرێت."



گوتیشی: "ھەرکاتێک کۆمپانیا پڕۆژەکەی تەواو کرد ئەوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەیان بۆ خەرج دەکات."



سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئەوەیشی خستە ڕوو: "جادەکە بە شێوەیەکی ستانداری جیھانی دروست دەکرێت و درێژییەکەیشی ٧٠ کم دەبێت و بە ھەمان شێوەی جادەی ١٢٠ مەتریی شاری ھەولێر دەبێت و شەقامێکی خێرایە و ھیچ پێچی نییە و ھەمووی لە شێوەی بەرزە پرد دەبێت."
kdp-
Top