سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان: ئەمساڵ بوودجە نایەتە پەرلەمان
هێڤیدار ئەحمەد، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: ”زۆرترین مووچەی هەرێم مووچەی هێزی ئەمنیە، لەدابەشکردنی مووچەی پێشمەرگەش نادادپەروەری هەیە، بۆ نموونە پێشمەرگە هەیە 500 هەزار دینار وەردەگرێت، هەیە ملیۆنێک و 300 هەزار وەردەگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەردووکیان پێکەوە شەڕیان کردووە و لێیان شەهید بووە، بەڵام ئێمە لە لێژنەی دارایی هەوڵ دەدەین کاتێک بابەتی چاکسازی دێتە پەرلەمان بابەتی مووچەی پێشمەرگە ڕاست بکەینەوە و دوای پێکهێنانی حکوومەت گفتوگۆی ئەم بابەتە دەکەین“.
گوتیشی: "سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لێژنەی دارایی نووسراوێکیان ئاراستەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی بێنە ئێرە و گفتوگۆ و هەماهەنگی باشمان هەبێت، چاوەڕیی وەڵامی ئەوانین".
ڕوونیشی کردەوە، کە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی هەرێم هەر یاسایەک ڕەهەندی پارەی تێدا بێت لەگەڵ حکوومەت دەبێت قسەی لەسەر بکەین، ئێمە پرۆژەی زۆرمان لەسەر بابەتی دارایی ئامادەیە کە حکوومەت پێکهات ئەوا دەست پێ دەکەین.
لەبارەی هێنانی بوودجە بۆ پەرلەمان هیڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا: ”بڕوا ناکەم ئەمساڵ بوودجە بێتە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی تا مانگی پێنج ئینجا ئەگەر حکوومەت پێکبێت یان نە، تا ئەو کاتەش پارەکە دێتە ئێرە و تا پەسەند بکەی، ئەوا دەبێ بۆ بوودجەی داهاتوو ئامادەکاری بۆ 2020 بکەی، حەوت ساڵیشە بوودجە نەهاتووەتە پەرلەمان“.
باسنيوز
