بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان یەکەمین کۆنفرانسی گفتوگۆی شارستانی بەڕێوە چوو
لە کۆنفرانسەکەدا کە نوێنەری پارێزگای هەولێر و میوانانی دەرەوەی وڵات ئامادەی بوون، د. ڤالا فرید ئیبراهیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئامادبووان کرد.
لە وتارەکەیدا سەرۆکی پەرلەمان وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند: "پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای دداننان بە یەکتریدا دروست دەبێت، بەوەی کەسی بەرانبەر مافی بوونی هەیە و مافی ئەوەیشی هەیە کە جیاواز بێت لە ڕووی نەتەوە و ئایین و زمان و ڕەگەزەوە، کە ئەم جیاوازییانە بنچینەی ژیانی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن."
د. ڤالا فرید باسی لە هەردوو پرەنسیپی ئازادی و دادپەروەری کرد و بە دوو کۆڵەگەی گرنگی پێکەوەژیانی وەسف کرد و جەختی کردەوە لەوەی دادپەروەری بە دابینکردنی هەلی یەکسان لە نێوان تاکەکان بەرجەستە دەبێت و ئازادیش بە دەستوور و یاسا گشتییەکان و زەمانەتکردنی ئەو ئازادییە بۆ تاکەکان بەرجەستە دەبێت. سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر بەبیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستاندا بچینەوە دەبینین پرەنسیپی دادپەروەری و ئازادی کە کۆڵەگەی پێکەوەژیانن لەسەر ئاستی واقیعی و یاسایی ڕەنگیان داوەتەوە، بە جۆرێک کە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاواز لەم هەرێمەدا هەن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە ژیان دەگوزەرێنن و ئامادەن لەپێناو پاراستنی هەرێمی کوردستاندا قوربانی بدەن.
پاشان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان کرد لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و ڕایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاسا و بڕیارانەی کە پەسەندی کردوون و پەیوەستبوون بە فەراهەمکردن و پارێزگاریکردن لە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، کە گرنگترینیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لە ڕێی سیستمی کۆتاوە مافی پێکهاتەکانی لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا مسۆگهر کردووە، هەروەها یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی ۲۰۱٥ کە مافی پێکهاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستاندا مسۆگهر کردووە.
لە کۆتاییی وتارەکەیدا د. ڤالا فهرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ناوی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە دەستخۆشیی بەستنی کۆنفرانسەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
KDP-
